شاعیر: ئەخۆل
کتێب: دیوانی ئەخۆل
سەرناو: مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان
لەبارەی شیعر: شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨

مناڵ بووم بیرمە مێژووی کوردستان
وەک سەرگوزشتە وەکوو داستان

لە بیرمە چلۆن بوو بە وێرانە
بە گوللە و تۆپ و بۆمبای بێگانە

لە بیرمە چەن لاو، چەن قارەمانان
کران بە دارا و خرانە زیندان

بە چەند هەزاران کۆرپەی نازاران
لە ژن و پیاو... لە پیر و لە جوان

ئەمانە هەمووی زۆری تر تێکڕا
بوونە خۆراکیی برسێتی بۆمبا

بە هۆی جەنگەوە کردەی زەمانە
کەوتە ژێر دەستی پیسی بێگانە

***

ئەمڕۆ پاش دەنگی «الله اکبر»
گوێم لە دەنگێ بوو وەکو شێری نەڕ

ئەینەڕان پڕ دەم پڕ هەموو دنیا
پڕ بە ئاسمان و پڕ هەموو دنیا

دەنگێک پڕ نەعرە و بانگی ئازادی
ئەزرنگایەوە وادی بە وادی

ئەیوت: ئەی گەدا دیل و سەرگەردان
ڕاپەڕن لە خەو خەوی چەن ساڵان

وەرنە ژێر سایەی داری ئازادی
پاش ساڵەهای ژین بە نامرادی